الاثنين، 18 سبتمبر 2017

گووگڵ بڕە پارەیەکی زۆری پێشکەشی سناپچات کردووە بۆ بەدەستهێنانی کۆمپانیاکە

by hishyar  |  in سناپ چات at  سبتمبر 18, 2017
کۆمپانیا زەبەلاحەکەی تەکنەلۆژیا “گووگڵ” دەیەوێت کۆمپانیای سناپچات بکڕێت و بڕی 30 ملیار دۆلاری پێشکەش بە دامەزرێنەرانی ئەو تۆڕە کردووە.  سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای گووگڵەوە ڕایگەیاندووە گووگل خواستی ئەوەی هەیە گەشەپێدانەکانی تۆڕەکەی فراوانتر بکات پاش ئەوەی گووگڵ پڵەس نەی توانییوە خواستەکانی جێبەجێ بکات و لە ئاستی پێویستدا نییە.  گفتوگۆکان لە کۆتایی 2016 ەوە بەشێوەیەکی ناڕەسمی دەستیان پێکردووە، لەم ماوەیەدا باسەکە بووە بە فەرمی و کۆمپانیاکە خواستی خۆی خستووەتە ڕوو بۆ کڕینی ئەو تۆڕە.  ئیڤان شپێگڵ دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سناپچات ڕایگەیاندووە هیچ خواستێکی ئەوەی نییە بچێتە ژێر فەرمان ڕەوای گووگڵ یان هەر کۆمپانیایەکی دیکە، بەپێی ڕاپۆرتی دەزگاکانی تایبەت بە بواری بۆرسە لە ئێستادا نرخی کۆمپانیاکە 24 ملیار دۆلارە پاش ئەوەی لە ماوەی پێشوودا دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.

ئایا بۆ چی نۆت 8 قەبارەی پاترییەکەی کەمە؟ چەند پرسیارێک وەڵامەکەی لە بەڕێوەبەری سامسۆنگ وەربگرن

by hishyar  |  in گالاکسی at  سبتمبر 18, 2017
پاش ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سامسۆنگ مۆبایلی نۆت 8 ـی ڕاگەیاند بەڕێوەبەری سامسۆنگ وەڵامی چەند پرسیارێکی ڕۆژنامەنووسان دەداتەوە دەربارەی نوێترین مۆبایلی کۆمپانیاکەی و پلانیان بۆ داهاتوو.  پاشگەزدەبنەوە لە ناوی بازرگانی نۆت؟  ئەم ناوە پشتگوێ ناخەین، کە چەندین ساڵە هەیە، نۆت سەرکەوتنێکی باشی بەدەست هێناوە، زۆرێک دەیانەوێت چێژ لە ڕوونمای گەورەی مۆبایلەکانمان و نۆت بە گشتی ببینن.  نۆت 7  وەک ڕوونە هەڵەی سەرەکی لە مۆبایلەکانی نۆت 7 دا کێشەی پاتری بوو، و لە ئێستادا سامسۆنگ هەوڵی گەورەی دا بۆ ئاشکراکردنی کێشەکانی مۆبایلەکە و بە سەرکەوتووی چارەسەرمان کرد و گەڕاندمانەوە بۆ بازاڕەکان و دڵنیاتان دەکەینەوە هەڵەی وا دووبارە نابێتەوە، هەروەها دەشڵێت ئێمە پشکنینمان کردووە بۆ 200 هەزار مۆبایل و 30 هەزار لەو پاترییانە، لێرەدا مەبەستمان پارەنییە.  پاتری نۆت 8  یەکێک لەو هۆکارانەی وای لە ئێمە کرد قەبارەی توانستی پاترییەکەی کەم بکەینەوە بەکارهێنانی پڕۆسێسەر(چارەسەرکەر)ـی 10 نانۆمەتری بوو کە پارێزگاری دەکات لە زۆر بەفیڕۆچوونی توانای پاتری تاوەکوو پارێزگارییەکی باشتر دابین بکەن بۆ بەکاربەرانمان، ئەم پاترییە نوێیە پارێزگاری لە توانای خۆی دەکات بە ڕێژەی %95 پاش دوو ساڵ بەکارهێنانی.  ئامانجتان چییە لە نۆت 8 دا؟  مۆبایلی نۆت 5ی پێشوو زیاتر لە 11 ملیۆن فرۆشی هەبوو، پێمان وایە نۆت هەشت فرۆشی زۆر لەوە زیاتر دەبێت.

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سامسۆنگ دەربارەی فرۆشی گالەکسی ئێس ٨ دەدوێت

by hishyar  |  in گالاکسی at  سبتمبر 18, 2017
هەفتەی پێشوو کۆمەڵێک ڕاپۆرت ئاماژەیان بەوە کرد کە فرۆشی مۆبایلەکانی گالەکسی ئێس ٨ و ئێس ٨ پڵەس لە هی ئێس ٧ و ئێس ٧ ئێج کەمترن لە هەمان ماوەی بەردەستبوونیاندا، هەر زوو ئەمە لە لایەن سامسۆنگەوە ڕەت کرایەوە.  بەم دواییانەش بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە دی جەی کۆ‌‌ لە میانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە فرۆشی دووانەکەی ئێس ٨ بە ڕێژەی ١٥٪ لە هی ئێس ٧ و برا گەورەکەی زیاترە! وتیشی کە پێشبینی ئەوە دەکەن فرۆشی دوو مۆبایلەکە لە مانگەکانی داهاتوودا بەردەوام بەرزبێت.  سامسۆنگ ئەوەشی دووپات کردووەتەوە کە مانگی داهاتوو گالەکسی نۆت ٨ بە فەرمی ڕادەگەیەنرێت بەڵام مۆبایلەکە تا مانگی داهاتووتر بەردەست نابێت بۆ کڕین.

چۆنیەتی گەڕان بۆ ڤیدیۆکانی یوتیوب و هاوبەشی کردنیان لەناو خودی گفتوگۆکانی ڤایبەردا

by hishyar  |  in ڤایبەر at  سبتمبر 18, 2017
بێگومان بەردەوام سەکۆکانی گفتوگۆ و چاتکردن لەبەرەوپێشچووندان و جەختی سەرەکیشیان لەسەر ئەپەکانیانە بۆ مۆبایلە زیرەکەکان. لەدوایین وەشانی ڤایبەر کە خزمەتگوزاریەکی بەناوبانگی چاتە لەسەرتاسەری جیهاندا ڕێگە بە بەکارهێنەر دراوە ڕاستەوخۆ لەناو گفتوگۆ تایبەتەکان و گروپەکاندا گەڕان لەناو چەندین ماڵپەڕ و خزمەتگوزاری بەناوبانگ بکات بەبێ ئەوەی ئەپی ڤایبەر بەجێ بهێڵیت. ئێمە لەخوارەوە شێوەی گەڕان لە ڤیدیۆکانی ڤایبەر و هاوبەشی کردنیان بۆ ئێوە ڕووندەکەینەوە کە هەمان ڕێگە بەسەر خزمەتگوزاریەکانی تریشدا جێبەجێ دەبێت.  سەرەتا ئەپی ڤایبەر بکەرەوە و ئیتر دواتر لەناو گروپێک یان چاتێکی تایبەت لەگەڵ هاوڕێکانت یان هەر کەسێکی تر لەخوارەوە پەنجە بنێ بە وێنۆچکەی (ئایکۆنی) گەڕان و پاشان پەنجە بنێ بە وێنۆچکەی یوتیوب ئینجا ناونیشانی هەر ڤیدیۆیەکی یوتیوب بنوسیت ئەنجامەکەی ڕاستەوخۆ لەوێ دەردەکەوێت و دەتوانیت پەنجەی پێدابنێیت و لەناو گفتوگۆکە دەردەکەوێت و هاوبەشی پێدەکرێت. هەمان ڕێگە بگرەبەر و بۆ خزمەتگوزارییەکانی تریش و پەنجە بە وێنۆچکەکانیاندا بگرە و ناونیشان بنوسە و ئەنجام وەرگرە و بنێرە.

بەراوردێک لە نێوان مۆبایلەکانی Huawei P10 و iPhone 6s

by hishyar  |  in مۆباییل at  سبتمبر 18, 2017
هەرچەندە لەوانەیە هەندێکتان ئەم بەراوردە بە نادادپەروەرانە ببینن(بە تایبەتیش ئەوانەی هەواداری ئەپڵ و ئایفۆنن) بەڵام لە ڕاستیدا ئەم بەراوردە تەواو ئاسایی و دادپەروەرانەیە، ڕاستە پی ١٠ باشترین و نوێترینی هواوەیە لە قەبارەی مام ناوەنددا و ئەپڵ ئایفۆن ٧ی هەیە کە لە ٦ ئێس نوێتر و باشترە بەڵام پی ١٠ زۆر لە ئایفۆن ٧ هەرزانترە و تەنانەت لە ٦ ئێسیش هەرزانترە! بۆیە ئەم بەراوردە بۆ کەسێکە کە بیەوێت مۆبایلێک لە دەوری ٥٠٠ دۆلاردا بکڕێت، کە بێگومان ئەم دوو مۆبایلە لە مۆبایلە بەهێز و دیار و بەناوبانگەکانن لەم نرخەدا، نرخی ئایفۆن ٦ ئێس نزیکەی ٥٠٠ دۆلار و هی پی ١٠ نزیکەی ٤٨٥ دۆلارە.     پێش هەموو شتێک دەبێت باس لە جیاوازی نێوان سیستەم و ڕووکاری ئەم مۆبایلانە بکەین، ئایفۆن ٦ ئێس لە ئێستادا لەسەر وەشانی دەیەمینی iOS کار دەکات و لە ماوەی کەمتر لە ٣ مانگدا iOS 11ی پێدەگات کە کۆمەڵێک نوێکاری زۆر باش و بەسوودی لەخۆگرتووە، و ئەگەر ئەپڵ لەسەر شێوازی ئێستای بمێنێتەوە ئەوا مۆبایلەکە ساڵی داهاتوو iOS 12 و ساڵی داهاتووتر iOS 13ی پێدەگات و دواتر دەوەستێت و iOS 14ی پێناگات، لە بەرامبەریشدا پی ١٠ لەسەر ڕووکاری EMUI 5.1 کار دەکات کە لەسەر ئەندرۆید نوگەت ٧.٠ بنیاد نراوە و لە کۆتایی ئەمساڵ یان سەرەتای ساڵی داهاتوو وەشانی ئەندرۆید ٨ی پێدەگات و ساڵی داهاتووتر ئەندرۆید ٩ی پێدەگات و دواتریش تا ماوەیەک نوێکردنەوەی پارێزراوی و چاککاری پێدەگات پاشان دەوەستێت لە نوێبوونەوە، بەهۆی ئەندرۆید و EMUI پی ١٠ زۆر لە ٦ ئێس کراوەترە و خاوەن کۆمەڵێک تایبەتمەندی زۆر زیاترە و ئازادییەکی زۆر زیاتر دەدات بە بەکارهێنەر لە ڕێکخستن و دەستکاری کردنی ڕووکار و شێوەی مۆبایلەکە و بەهۆی سروشتی کراوەی ئەندرۆید دەتوانێت سوود لە کۆمەڵێک ئەپ ببینێت کە لە ئای ئۆ ئێس بەردەست نین، لە بەرامبەریشدا ئایفۆنەکە پارێزراوترە(بەڵام بەو شێوەیەش نا کە هەندێک کەس لێی تێگەیشتوون) هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە گەشەپێدەران ئەپ و یارییەکانیان سەرەتا بۆ ئای ئۆ ئێس بەردەست دەکەن ئینجا ئەندرۆید(بە تایبەت یارییەکان) ئەمە جگە لەو ئەپ و یارییانەی کە بە تەواوی تایبەتن بە ئای ئۆ ئێس.     هێز و خێرایی: هەردوو مۆبایلەکە زۆر  بەهێز و خێران و بەکارهێنەر کێشەی لەگەڵ هیچ کامیان نابێت لەو ڕووەوە، یەکەی چارەسەری ناوەندی هواوەیەکە بەهێزترە و بەو هۆیەوە دەکرێت لە بەکارهێنانی ئاسایی و ڕۆژانەدا کەمێک لە ئایفۆنەکە خێراتر بێت لە بەرامبەریشدا و لە کاتێکدا یەکەی چارەسەری گرافیکی هەردوو مۆبایلەکە بەهێز و خێران بەڵام بەهۆی ڕوونی نزمتری ڕونماکەی، ئایفۆنەکە باڵادەستییەکی کەمی هەیە لە یاری کردندا، ڕامی پی ١٠ چوار گێگابایتە و هی ئایفۆنەکە ٢ گێگابایت و لەم ڕووەوە هیچیان کێشەیان نییە.     کامێرای سەرەکی: کامێرای پی ١٠ لە جۆری دوانە کامێرایە بە ڕوونی ٢٠+١٢ مێگاپیکسڵ و بە تیرەی چاوی (f/2.2) و تایبەتمەندی OIS و بە هاوبەشی لەگەڵ لایکا دروست کراوە، لە بەرامبەریشدا ئایفۆنەکە خاوەن کامێرایەکی ١٢ مێگاپیکسڵە بە هەمان تیرەی چاوی پی ١٠، بەپێی زۆربەی ماڵپەڕە جیهانییەکان کامێرای پی ١٠ باشترە و لە ماڵپەڕی Dxomarkی تایبەت بە هەڵسەنگاندنی کامێرا و کامێرای مۆبایل پی ١٠ خاوەن ٨٧ خاڵە و لە پێش ئایفۆن ٧یشە کە خاوەن ٨٦ خاڵە! ئەمە لە کاتێکدایە ئایفۆن ٦ ئێس خاوەنی تەنها ٨٢ خاڵە!  براوە: پی ١٠     کامێرای پێشەوە: لە ڕووی پێشەوە پی ١٠ کامێرایەکی هەیە بە ڕوونی ٨ مـێگاپیکسڵ و تیرەی چاوی (f/1.9) بۆ هەوادارانی سێڵفی، ئایفۆنەکەش کامێرایەکی هەیە بە ڕوونی ٥ مێگاپیکسڵ و تیرەی چاوی (f/2.2).  براوە: پی ١٠     دیزاین و لاشە: هەردوو مۆبایلەکە خاوەن لاشەی لە کانزا دروست کراو و دیزاینی کەشخە و نایابن، ٧١.٢٪ی ڕووی پێشەوەی پی ١٠ بە ڕونما داگیر کراوە لە کاتێکدا ڕونمای ئایفۆن ٦ ئێس تەنها ٦٥.٦٪ی ڕووی پێشەوەی مۆبایلەکەی داپۆشیوە، سەرەڕای ئەوەی کە پی ١٠ قەبارەی رونماکەی بە شێوەیەکی بەرچاو لە هی ئایفۆنەکە گەورەترە بەڵام کێشی تەنها ٢ گرام قورسترە(١٤٥ بەرامبەر ١٤٣)، هیچ کامیشیان پارێزراو نین دژ بە ئاو و تۆز، هەروەها پی ١٠ بە کۆمەڵێک ڕەنگی زیاتر و نایابتر بەردەستە لەچاو ٦ ئێس.  براوە: پی ١٠     ڕونما: ڕونمای هەردوو مۆبایل لە جۆری IPSن و بەرزترین ڕوناکییان تا ڕاددەیەکی زۆر باش و گونجاوە بۆ بەکار‌هێنان لە دەرەوە و لە ژێر تیشکی خۆردا بەڵام نزمترین ڕوناکی پی ١٠ لە هی ئایفۆنەکە نزمترە و گونجاوترە بۆ بەکارهێنان لە تاریکیدا، هەروەها ڕونمای پی ١٠ گەورەترە(٥.١ بەرامبەر ٤.٧ ئینچ) و ڕوونییەکەی بەرزترە(1080P بەرامبەر 750P) بەڵام لەڕووی نیشاندانی ڕەنگەکان بە شێوەیەکی ڕاست و سروشتی ڕونمای ئایفۆنەکە باشترە.  براوە: لە قەبارە و ڕوونی و نزمترین ڕوناکی پی ١٠ و لە نیشاندانی ڕەنگەکان بە شێوەیەکی ڕاست و باش ٦ ئێس     تەمەنی پاتری: هەرچەندە بچوکی و ڕوونی نزمی ڕونمای ئایفۆنەکە یارمەتیدەرە لە کەم بەکاربردنی وزە بەڵام بەهۆی ئەوەی پاترییەکەی تەنها ١٧١٥ میللی ئەمپێر/کاتژمێرە، هواوەی پی ١٠ کە خاوەن پاترییەکی ٣٢٠٠ میللی ئەمپێر/کاتژمێرە تەمەنێکی پاتری درێژتری هەیە(بەڵام جیاوازییەکە وەک جیاوازی فراوانی پاترییەکان گەورە نییە).  براوە: پی ١٠     کۆمەڵێک لایەنی تریش هەیە کە شایەنی ئاماژە پێکردنە، هەردوو مۆبایل خاوەن هەستەوەری پەنجەمۆرن لە ڕووی پێشەوەیان و ئایفۆنەکە خاوەن تایبەتمەندی 3D Touchە لە بەرامبەریشدا پی ١٠ توانای بارگاوی بوونەوەی خێرای هەیە و پشتگیری لە کارکردن بە دوو سیم کارد دەکات، کێشەیەکی گەورەی ئایفۆنەکە ئەوەیە پشتگیری بیرگەی دەرەکی ناکات و لەم نرخەشدا خاوەن تەنها ٣٢ گب بیرگەی ناوەکییە و لە حاڵەتی هەبوونی ٦٤ گب یان ١٢٨ گب لە بیرگەی ناوەکی نرخی نزیک دەبێتەوە لە نرخی پی ١٠ پڵەس و گالەکسی ئێس ٨ و ڕکابەرییەکەی زۆر قورستریش دەبێت، ئەمە لە کاتێکدایە کە پی ١٠ سەرەڕای ئەوەی هەرزانترە پشتگیری بیرگەی دەرەکی دەکات و خاوەن ٦٤ گب لە بیرگەی دەرەکیشە!     باڵادەستییەکانی هواوەی پی ١٠:  -کراوەیی و تایبەتمەندی زیاتری ڕووکار و توانای گونجاندنی ڕووکار بەپێی خواستی بەکارهێنەر.  -کۆمەڵێک ئەپ و یاری تایبەت بە ئەندرۆید  -هەردوو کامێرای سەرەکی و پێشەوە  -دیزاین و لاشە  -تەمەنی پاتری  -قەبارەی بیرگەی ناوەکی و شتگیری بیرگەی دەرەکی و دوو سیم کارد  -بارگاوی بوونەوەی خێرا  باڵادەستییەکانی ئایفۆن ٦ ئێس:  -پارێزراوی زیاتر  -کۆمەڵێک ئەپ و یاری تایبەت بە ئای ئۆ ئێس  -تایبەتمەندی 3D Touch  -بەردەستبوونی ژمارەیەکی زۆر زیاتری ئێکسسواراتی وەک کەڤەری پارێزەر و لەزگەی ڕووپۆش کردن و جوانکاری بە بەراورد بە مۆبایلەکانی تر.

    Popular Posts

Proudly Powered by Blogger.